هه‌ڵه‌بجه: داوای بودجه‌ی زیاتر ده‌كرێت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا
ئه‌ڤرۆ نیۆز، عه‌زیز هه‌ورامی:
هه‌ڵه‌بجه له ئێستادا 8 حاڵه‌تی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووجار بودجه‌ی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا داوه به كه‌رتی ته‌ندروستی پارێزگاكا، له لایه‌ن خێرخوازانه‌وه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 65 قه‌روێڵه‌ی تایبه‌ت به كۆرۆنا دروست ده‌كرێت.
ئازاد مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به ئه‌ڤرۆ نیۆزی ڕاگه‌یاند:” نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له سه‌ر ئه‌ركی خێرخوازان بنیات ده‌ندرێت 65% كاره‌كانی ته‌واو بووه، ئه‌گه‌ر كه‌ش و هه‌وا له‌باربێت له چه‌ند ڕۆژی ئاینده كاره‌كانی به كۆتا ده‌گات”.
نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا گرنگه بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له ئێستاداو پاش ته‌واو بونی ده‌تواندرێت ئامێری پزیشكی باشی ته‌ندروستی بۆ دابندرێت به‌تایبه‌ت ئامێری هه‌ناسه‌دان، پاش كۆرۆناش ده‌بێته پاڵپشتێكی باشی نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ڵه‌بجه بۆ سه‌نته‌ری سوتاوی و قه‌سته‌ره‌ی دڵ و قاویشی نه‌خۆشه گوازراوه‌كان، ئازاد مسته‌فا وا ده‌ڵێ”.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:” ئێستا هه‌ڵه‌بجه له قۆناخی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆناداییه ئه‌ویش ناوخۆییه واته كۆرۆنا له هاوڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی گه‌شتیار دیاری كراوه، ئه‌وه‌ش ئێستا كۆرۆنا له ناو خه‌ڵكیداییه، تا ئێستا 8 كه‌س توشی كۆرۆنا بوون”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێ:” ئێمه پێمان واییه پێویسته قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ به‌رده‌وامبێت و تێكه‌ڵی كردنی هاوڵاتیان سنورداربێت، ده‌بێته زامنی كۆنتڕۆڵ كردنی ڤایرۆسه‌كه و ده‌رچوونمان لێ”.
هه‌روه‌ها گوتیشی:”هه‌ڵه‌بجه كۆرۆنای تێدا تۆماركرا، ئێستا له چاره‌سه‌كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ین كه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن، حكوومه‌تی هه‌رێم بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆ ته‌رخانكردوین، به‌ڵام داوای بودجه‌ی زیاتر ده‌كه‌ین له حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه زیاتر پته‌وبكرێت”.