هه‌ڵه‌بجه‌: به‌ته‌واوه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی ڕاوه‌ستاوه‌

هه‌ڵه‌بجه‌: به‌ته‌واوه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی ڕاوه‌ستاوه‌

 

 

ئه‌ڤرۆ نیۆز، عه‌زیز ڕه‌سووڵ:

به‌هۆی ململانێ پزیشكان و به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ئێستا له‌و پارێزگایه‌ خزمه‌ت گوزاری ته‌ندروستی دابه‌زیوه‌ بۆ سفر و پزیشكه‌كان مانیان گرتووه‌ داوای گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ده‌ڵێ ئه‌و پزیشكانه‌داوای گواستنه‌وه‌ده‌كه‌ن بۆ سلێمانی ئێمه‌ش پزیشكی به‌دیلمانییه‌ تاوه‌كو ڕه‌زامه‌ند بده‌ین له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌یان.

د هه‌رێم ستار پزیشكی هه‌ناوی بۆ ئه‌ڤرۆنیۆز گوتی:” مانگرتنی پزیشكه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆی تاكڕه‌وی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستییه‌وه‌یه‌ و داوامان له‌ پارێزگار و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كردووه‌ له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دووری بخه‌نه‌وه‌، ئێستا له‌ 50 پزیشك 43 پزیشك مانیان گرتووه‌.

هه‌رێم ستار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” ئێمه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستییمان گوتووه‌ ڕێكاره‌كانی ئیداره‌دانی ته‌ندروستی ڕێكبخرێته‌وه‌ فایلی تایبه‌ت بۆ به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی دروست بكرێت، كاتێك بڕیار له‌سه‌ر زیاد كردنی ده‌وام یان گواستنه‌وه‌ی پزیشكه‌كان ده‌درێت پێش وه‌خت له‌گه‌ڵ سه‌رۆك به‌شه‌كان قسه‌بكرێت، نه‌وه‌كو دووای بڕیاره‌كان له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئاگاداربین، وه‌ چه‌ندین جار كێشه‌مان له‌گه‌ڵی هه‌بووه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆمان هه‌وڵمانداوه‌نه‌گاته‌ وه‌زاره‌ت و ڕاگه‌یاندن.

ئه‌وپزیشكه‌ وتیشی:” ڕنكردنه‌وه‌یه‌كمان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كۆتای بڕیاری ئێمه‌ ئه‌وه‌ییه‌ ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ بگۆڕن ئه‌وكات ده‌ست به‌ده‌وام ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هاوكات دكتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە ئه‌ڤرۆ نیۆزی ڕاگەیاند، ئەو پزیشكانەی مانیان گرتووە داوای گواستنەوە دەكەن بۆ سلێمانی، بەرئەوەی میلاكی پێویستیان نییە و ناتوانن ڕەزامەندی گواستنەوەیان بۆ دەربكەن، لە ماوەی دوو ساڵ وەك بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە زیاد لە 25 داواكاری پزیشكانی بۆ هاتووە و داوای گواستنەوه ‌دەكەن.
ئازاد مسته‌فا وتیشی:” كاتێك مووچە چاك بووەوە، پێویست بوو دەوامەكان زیاد بكرێت بۆیە دەواممان زیاد كردووە، یاداشتێكیان پێ داوم بەدەست و خەتی خۆیان نووسراوە دەوام كەم بكەنەوە لە پێنج ڕۆژ سێ ڕۆژ دەوام هەبێت لە نەخۆشخانەی كیمیاباران و پزیشكی پلەبەند بەركەوتووان ببینێت، منیش ڕەتم كردووەتەوە، بۆیەش بەمن دەڵێن تاكڕەو، نەخۆشخانەی كیمیاباران 10 ساڵی پێچوو تا كرایەوە پزیشكی پلەبەند لە ئاستی زانستیدا لە پزیشكی پسپۆڕ لە خوارترن، ئەوەش هێڵی سوورە و بەركەوتووان دەبێت خزمەتگوزاری تەندروستی پێویستییان بۆ دابین بكرێت.
ئێستا به‌هۆی مانگرتنی پزیشكه‌كان كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ په‌كی كه‌وتووه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ،ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكات و دۆخی ته‌ندروستی ئه‌و پارێزگایه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌مكاته‌دا له‌ كوردستان ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌گه‌شه‌دایه‌ ژماره‌كانی توشبوان و مردن له‌ زیادبووندایه‌.

کۆمێنتا تە