هه‌ڵه‌بجه‌: ‌كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانی خۆیان ڕێز له‌ ڕوحی شه‌هیده‌كانیان ده‌گرن

هه‌ڵه‌بجه‌: ‌كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانی خۆیان ڕێز له‌ ڕوحی شه‌هیده‌كانیان ده‌گرن

ئه‌ڤڕۆ نیۆز، عه‌زیز هه‌ورامی:

ئه‌مڕۆ 32 ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگه‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام به‌هۆی مه‌تری ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ مه‌ڕاسیمێكی فه‌رمی به‌ڕێوه‌ نه‌چو، كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانی خۆیان به‌پێوه‌ كاتژمێر 11:30 خوله‌ك ڕاوه‌ستان.

ماوه‌ی دووڕۆژه‌ كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوه‌كان، ده‌ستكێش و ده‌مامك به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان و بریندارانی چه‌كی كیمیاوی دابه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆش هاوڵاتیان پێنچ ده‌قه‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانی خۆیان به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ ڕوحی شه‌هیده‌كانیان.

نازه‌نین بارام،له‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌چه‌ندین ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه‌، به‌ ئه‌ڤرۆ نیۆزی ڕاگه‌یاند، ده‌ستخۆشیمان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیان و نه‌وه‌كانی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌فه‌رمیی یادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانی خۆمان سه‌عات11:30 خوله‌ك بۆ ڕێزگرتن له‌ ڕوحی شه‌هیده‌كانمان به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستاین، نامانه‌وێت ئیدی به‌چاوی خۆمان مه‌رگی ئازیزه‌كانمان ببینین.

 كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌یان نامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ داوای به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و بریندارانی به‌ركه‌وتوی چه‌كی كیمیاوی ده‌كات.

هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیان ده‌ڵێ، داواكارین له‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌ میرات گری حكوومه‌تی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حوسێنه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی هه‌ستێت و قه‌ره‌بوی مادی و مه‌عنه‌وی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كان بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕو له‌ به‌رپرسانی كورد ده‌كات له‌ به‌غدا و ده‌وایان لێ ده‌كات، فشار بكه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا بۆ هاتنه‌ ژێرباری قه‌ره‌بوی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كان.

كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بۆ پابه‌ندبوون به‌ ڕێنمایه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ، و پاراستنی نه‌وه‌كانی شه‌هیدان هیچ مه‌ڕاسیمێكی فه‌رمیمان له‌م ڕۆژه‌ خه‌مناكه‌ نه‌كرد، وه‌ له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ ده‌مامك و ده‌ستكێش و ڕێنمایمان بۆ خۆپارێزی به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان دابه‌شكرد، داوامان لێكردن پابه‌ندی ڕێنمایه‌كان بن و له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌.

کۆمێنتا تە