وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: له‌ كوردستان له‌ نێوان چاره‌سه‌ر و كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆناین

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: له‌ كوردستان له‌ نێوان چاره‌سه‌ر و كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆناین

 

ئه‌ڤرۆ نیۆز، عه‌زیز ڕه‌سووڵ:

 

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا چه‌ندین ڕێكارو ڕێنمایی گرتوه‌ته‌به‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێ، ئێستا ئێمه‌ له‌ نێوان چاره‌سه‌ر و به‌رگریداین به‌رامبه‌ر كۆرۆنا.
محه‌ممه‌د خۆشناو، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئه‌ڤرۆ نیۆزی ڕاگه‌یاند”: ئێستا ئێمه‌ له ‌كوردستان زۆرباش توانیومانه‌ كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ین، به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ڕێكاره‌كان ده‌كه‌ین،هاونیشتمانیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ڕێكاره‌كان بۆ سه‌لامیتی ته‌ندروستی هه‌موو لایه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت.

خۆشناو ده‌ڵێ:” له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌رئه‌نجامی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌رده‌كه‌وێت کە چه‌ند سوودی هه‌بووه‌، هه‌رئه‌وه‌ش وای كرد جارێكی تر 72 سه‌عاتی تر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكه‌ینه‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گوتیشی: ”هاوڵاتیان زۆرباش پابه‌ندی ڕێنمایه‌كانن، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سروور بارزانی، به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ته‌ له‌گه‌ڵمان، ئه‌و پێشنیار و داوایانه‌ی وه‌زاره‌تمان بیكات جێبه‌جێ ده‌كرێن و ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته‌ مه‌عنییه‌كانی تر ده‌كرێن بۆ جێبه‌جێ كردنیان.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:” یه‌كێك له‌ پلانه‌ باشه‌كان حكوومه‌تی هه‌رێم گرتیه‌به‌ر بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه‌ره‌نتینه‌ بوو بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ ئێران ده‌گه‌ڕانه‌وه‌،كه‌ ئێستا ده‌زاندرێت ئه‌گه‌ر كه‌ره‌نتینه‌ نه‌بوایه‌ چه‌ دۆخێكی خه‌راپ دروست ده‌بو، بۆیه‌ كاركردن به‌به‌رنامه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت هاوڵاتیان له‌ هه‌ر وڵاتێكی تر بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كرێن.

کۆمێنتا تە