مه‌حموود عوسمان: بارزانی نه‌مر له‌ پاش ڕێكه‌وتنی 11ی ئادار داوای له‌ به‌رپرسانی...

مه‌حموود عوسمان: بارزانی نه‌مر له‌ پاش ڕێكه‌وتنی 11ی ئادار داوای له‌ به‌رپرسانی كورد كرد له‌ پۆسته‌كانیان خزمه‌تی میله‌ت بكه‌ن

 

ئه‌ڤرۆ نیۆز، عه‌زیز هه‌ورامی :

 

ئه‌مڕۆ 14ی ئادار ساڵیادی له‌ دایكبوونی سه‌ركرده‌ی مه‌زن مسته‌فا با‌رزانی نه‌مره‌، سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشی ئه‌یلوول كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵی بووه‌ باس له‌ گه‌وره‌ی و ساده‌ی و تۆكۆشانی بارزانی نه‌مر ده‌كات.

دكتۆر مه‌حمود عوسمان سه‌ركرده‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول، به‌ ئه‌ڤرۆ نیۆزی ڕاگه‌یاند:” بارزانی نه‌مر سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوو، خه‌باتی بۆ ئه‌وه‌بو میله‌تی كورد بگاته‌ مافی چاره‌ی خۆی، ئه‌وه‌شبوو له‌ شۆڕشی ئه‌یلول تواندرا بگه‌ینه‌ به‌یانی 11ی ئازار، بۆیه‌كه‌م جاربو له‌ لایه‌ن وڵاتی داگیركه‌ری ئه‌وكاتی عێراق ددانی نا به‌ مافی ئه‌تۆنۆمی بۆ كورد.

مه‌حموود عوسمان ده‌شڵێ، هه‌میشه‌ له‌ دانوستانه‌كانی بارزانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش، داوای ئه‌وه‌ی بوو كورد له‌سه‌ر ئه‌رزی خۆی به‌سه‌ربه‌زی و ئازادی بژێت مافه‌كانی خۆی هه‌بێت حكوومڕانێكی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت به‌ كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ كانی تری كوردستانیی، عێراقیش عێڕاقێكی دیموكراسی بێت سیاسه‌تێك پێڕه‌و بكرێت هاوڵاتیان مافی خۆیان پێبدرێت.

هه‌روه‌ها عوسمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكر، له‌ پاش ڕێكه‌وتنی 11ی ئازار و وه‌رگرتنی چه‌ند پۆستێك و حكوومڕانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستانی، ئه‌وكه‌سانه‌ی دیاری كران له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بۆ پۆسته‌كان، ڕێنمایی بارزانی نه‌مر ئه‌وه‌بوو ده‌ست پاكبن و خزمه‌تی میله‌تی خۆیان بكه‌ن و كاره‌كانی ڕۆژانه‌یان به‌باشی ڕاپه‌ڕێنن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان تێكه‌ڵاوبن، ئامانجه‌كانی شۆڕش جێبه‌جێ بكه‌ن و كارله‌ سه‌ر جێبه‌جێ كردنی به‌یانی 11ی ئازار بكه‌ن.

ئه‌و سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ڵێ، به‌رده‌وام بارزانی نه‌مر باسی له‌وه‌ ده‌كرد ده‌بێت كه‌ركوك له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا به‌شێكبێت له‌ كوردستان، كه‌ركوك دڵی كوردستانه‌ كه‌ركوك له‌ ڕوی جوگرافی و مێژووی به‌شێكه‌ له‌ كوردستان، به‌رده‌وامیش به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌یڕوانی له‌ ئاینده‌ی كه‌ركوك كورد حكوومڕانی بكات، به‌رده‌وامیش له‌ دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بارزانی مسوڕبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ كوردییه‌كان له‌ ژێر حكوومڕانی كوردیدابێت وهاوشێوه‌ی سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر، له‌ پاش گێشتن به‌ ڕێكه‌وتنی 11ی ئازار ساڵی 1970.

هه‌روه‌ها وتیشی، بارزانی نه‌مر له‌ ڕێكه‌وتن و دانوستان به‌رده‌وام ئاماده‌بوو بۆ ئاشتی و هیچ كات حه‌زی به‌شه‌ڕ نه‌بوو به‌ڵام شه‌ڕ ده‌سه‌پا به‌سه‌ر كوردا بۆیه‌ بارزانی و شۆڕشی كورد پارێزگاریان له‌ گه‌له‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌موو هه‌نگاوێكی ئاشتی قبووڵ بوو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد به‌ ئامانجی گه‌وره‌ی بگات.

کۆمێنتا تە