ئه‌ڤرۆ نیۆز، عه‌زیز هه‌ورامی:
پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركوك ڕاكان سه‌عید به دوو جار 11 ملیۆن دیناری داوه به چیمه‌نی ده‌ستكرد و له ناوه‌ندی شه‌قامه‌كان و پاركه‌كان ڕای خستووه، سه‌رۆكی پێشووی فڕاكسیۆنی برایه‌تی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ڵێ، ڕاكان سه‌عید ده‌ست بۆ هه‌رپڕۆژه‌ییه‌ك ده‌بات بتوانێت پاره‌ی میله‌ت به‌هه‌ده‌ربدات.
محه‌ممه‌د كه‌مال سه‌رۆكی پێشووی فڕاكسیۆنی برایه‌تی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به ئه‌ڤرۆ نیۆزی ڕاگه‌یاند:” ڕاكان سه‌عید له نه‌مانی پارێزگاری شه‌رعی شار و نه‌بوونی ئه‌نجوومه‌نی پرێزگا، داهاتی كه‌ركوكییه‌كان به‌هه‌ده‌ر ده‌دات و پڕۆژه‌ی فاشیل ده‌كات ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له پاڵیدا گه‌نده‌ڵی بكات.
كه‌مال ده‌ڵێ، پاش ئه‌وه‌ی ڕاكان سه‌عید ده‌ستی به‌سه‌ر كورسی پارێزگای كه‌ركوكدا گرتووه، داهاتێكی زۆری خه‌ڵكی كه‌ركوكی به‌هه‌ده‌ر داوه هیچ كه‌س و ده‌زگاییه‌كیش نییه چاودێری بكات و ڕێگه له هه‌ده‌ردانی پاره‌ی میله‌ت بگرێت، له‌ماوه‌ی ڕابردوو چیمه‌نی ده‌ستكردی بۆ شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك به‌بڕی 5 ملیۆن دینار دانا به‌ڵام دووای چه‌ند ڕۆژێك بابردی ئێسته جارێكی تر به‌بایی 6 ملیۆن دیناری تر چیمه‌نی ده‌ستكرد كه بۆ یارگای تۆپی پێده‌بێت، بۆ ناوه‌ندی شه‌قام و پاركه‌كان داناوه‌ته‌وه، كه‌ركوكییه‌كان پڕۆژه‌كه‌یان كردووه به نوكته.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، كه‌ركوك پێویستی به‌پڕۆژه‌ی ئاوه هاوڵاتیان ئاویان نییه، پێویسته پڕۆژه‌ی ئاو بۆ شاره‌كه جێبه‌جێ بكرێت و پاشان له شه‌قام و پاركه‌كان چیمه‌ن و گوڵی سروشتی بڕوێندرێت، نه‌ك چیمه‌نی ده‌ستكرد ته‌نها به‌هه‌ده‌ردانی داهات و گه‌نده‌ڵییه نه‌ك پڕۆژه.