نها: ده‌قێ يه‌پاما سه‌رۆك بارزانى

نها: ده‌قێ يه‌پاما سه‌رۆك بارزانى

ئه‌ڤرۆ نيوز:

پەیامێک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

جەماوەری خۆشەویستی کوردستان

ڕای گشتیی کوردستان و عێراق و جیھان

بە درێژایی مێژوو گەلی کوردستان لەژێر ھەڕەشە و زوڵمدا بووە و مافەکانی پێشێل کراوە. لەو مێژووەدا گەلی کوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی کردووە و تووشی جینۆساید و کۆمەڵکوژی ھاتووە کە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر کوردستان و جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی کوردستان ھەمیشە لە ڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا ھەنگاوی ناوە و ھیچ کاتێک شەڕمان نەویستووە، بەڵکو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوە و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەییشتنمان بە ئامانجەکانمان. ئامانجی سەرەکیشمان ھەمیشە ئاساییش و مافەکانی گەلی کوردستان بووە.

ھاووڵاتیانی خۆشەویست

ئەوەی لە شاری کەرکووک ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاکلایەنەی چەند کەسێک لەنێو لایەنێکی سیاسیی ناوخۆی کوردستان بوو، کە دواجار بووە ھۆی ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی کە دیترا پاشەکشە بکەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەکشەیە، ھێڵی تەماسی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و ھەولێر بووە بە بنەمای لەیەکگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێکردنی ھێزەکانی عێراقی و ھەرێمی کوردستان.

جەماوەری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ئەوەی پێویستە و دەکرێ، لەپێناو پاراستنی دەستکەوتنەکانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵکدا ئەنجامی دەدەین.

ئێستایش داکۆکی لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و خۆڕاگریی گەلی کوردستان و ھێزە سیاسییەکان دەکەینەوە و، داوایش لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن دەکەم بە گشتی لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ھەستیاری کوردستان و عێراقدا بکەن.

گەلی خۆڕاگری کوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەکان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری شەھیدە سەربەرزەکانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەکانتان لەڕێگەی ئازادیی کوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش ھەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیھان، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین.

گەلی کوردستان بە ھیمەتی ھێز و ڕۆڵە قارەمانەکانی زوو یان درەنگ ھەر دەگاتە ئامانجە ڕەوا و پیرۆزەکانی. ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بە ھێز و یەکڕیزیی گەلەکەمان.

مسعود بارزانی

17ـی 10ـی 2017

کۆمێنتا تە